تره‌مپ فەرمانی ئاشکراکردنی دۆسیه‌ی تیرۆرکردنی سێ کەسایەتیی گرنگی وڵاته‌كه‌ی دەرکرد

لە فەرمانێکی سەرۆکایەتی نوێ‌دا کە لە 23ـی کانوونی دووەمی 2025 لە کۆشکی سپی دەرچووە، دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا فەرمانی داوە بە ئاشکراکردنی سەرجەم دۆسیه و تۆمارە نهێنییەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆرکردنی هه‌ر یه‌ك له سەرۆک جۆن ئێف کێنێدی و سیناتۆر ڕۆبەرت ئێف کێنێدی برای و و مارتن لۆسەر کینگ.
لە فەرمانەکەدا هاتووە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 ساڵ بەسەر ئەم تیرۆرکردنانەدا، هێشتا حکوومەتی فیدراڵی هەموو تۆمارەکانی پەیوەندیدار بەم ڕووداوانەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکردووە. فەرمانەکە جەخت دەکاتەوە "خێزانەکانیان و گەلی ئەمه‌ریکا شایستەی زانینی ڕاستیەکانن".
بە پێی فەرمانەکە، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی و داواکاری گشتی پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا پلانێک بۆ بڵاوکردنەوەی تەواوی تۆمارەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆرکردنی سەرۆک کێنێدی پێشکەش بکەن. هەروەها لە ماوەی 45 ڕۆژدا پێداچوونەوە بۆ تۆمارەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆرکردنی سیناتۆر کێنێدی و لۆسه‌ر کینگ بکەن.
یاسای کۆکردنەوەی تۆمارەکانی تیرۆرکردنی سەرۆک کێنێدی لە ساڵی 1992 داوای کردبوو کە هەموو تۆمارەکان تا ساڵی 2017 بڵاو بکرێنەوە. لەو کاتەوە چەندین جار دواخراوە، بەڵام ئێستا سەرۆکایەتی ئەمەریکا بڕیاری داوە کە "شاردنەوەی بەردەوامی ئەم زانیارییانە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا ناگونجێت".
جۆن ئێف کێنێدی سی و پێنجه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له 22ـی تشرینی دووه‌می 1963 له شه‌قامه‌كانی ویلایه‌تی تێكساس تیرۆر كرا، هه‌روه‌ها ڕۆبەرت ئێف کێنێدی له 6ـی حوزه‌یرانی 1968 و قه‌شه لۆسه‌ر كینگیش له 4ـی نیسانی 1968 تیرۆر كران.