حەماس چوار بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات
حەوت ڕۆژ بەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە تێ دەپەڕێت، کە لە قۆناغی یەکەمدا حەماس، سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، لەبەرانبەردا ئیسرائیل 90 دیلی فەڵەستینی ئازاد کرد، بڕیاریشە ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی ئاڵوگۆڕی گیراوانی فەڵەستینی و بارمتەکانی ئیسرائیلی دەست پێ بکات.
لیواکانی قەسامی سەر بە بزووتنەوەی حەماس، دوێنێ هەینی، چوار ئافرەتی بارمتەی ئیسرائیلییان دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی ئازادیان بکەن، گوتەبێژی فەرمیی لیواکانی قەسام، ئەبو عوبەیدە، لە تێلێگرام ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، لیواکانی قەسام بڕیاریان دا ئەم ئافرەتە سەربازانە ئازاد بکەن، کارینا ئەرئیف، دانیێل جەلبوع، نەعیمە لیڤی، لیری ئێلباج."
سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیل بۆ کەناڵی 12ـی عیبری ڕایانگەیاند، بارمتەکانی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززە دەستگیر کراون، لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ تا 2ـی پاشنیوەڕۆ ئازاد دەکرێن.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی زیندانییەکانی حەماس، ڕایگەیاند "چاوەڕێی لیستی ئەو زیندانیانە دەکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بکرێن، کە ژمارەیان 200 کەسە، هەموو ئەو زیندانیانەش سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە.
یەکشەممەی ڕابردوو، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمریکا، کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، لە قۆناغی یەکەمدا کە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.