وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: ئاوارە سوورییەکان لە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان ئازادن
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ژمارەی ئاوارە سوورییەکانی لە عێراق ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەوان ئازادن لە چوونەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان و هیچ فشارێکیان لێ ناکرێت بۆ گەڕانەوەیان، هەروەها ژمارەی ئەو سوورییانەی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان دیار نییە.
لەوبارەیەوە، عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند "سوورییەکان لە ساڵی 2011ەوە هاتوونەتە عێراق بە تایبەتی هەرێمی کوردستان، کە پێشوازییان لێ کرا و کەمپیان بەگوێرەی ڕێککەوەتنامە نێودەوڵەتییەکان بۆ دامەزرێندرا."
ئاماژەی بەوەش کرد "هیچ ئامارێک نییە لەسەر ژمارەی ئەو ئاوارە سوورییانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان؛ لەبەر ئەوەی بژاردەی گەڕانەوە پەیوەستە بە خۆیانەوە، ئەوان وەزارەت لە گەڕانەوەیان ئاگادار ناکەنەوە، هەروەها وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هیچ شتێکیان بەسەردا ناسەپێنێت، بەڵکو ئازادن لە گەڕانەوە."
باسی لەوەش کرد "سوورییەکان لە عێراق بە پەنابەر هەژمار ناکرێن، بەڵکو بەپێی یاسای عێراقی ساڵی 1971، بە ئاوارەی سەر سنوور هەژمار دەکرێن. لە بڕگەی دووەمی یاساکە هاتووە ئاوارەکانی وڵاتانی دراوسێ بە ئاوارە هەژمار دەکرێن، جا بارودۆخیان سروشتی بێت یان شەڕی ناوخۆ، یان هەر شتێکی دیکە."
دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا لە ساڵی 2011، عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، پێشوازییان لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی سووریا کردووە؛ بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 260 هەزار ئاوارەی سووری لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین. هەروەها زیاتر لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار سووری ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، لەوانە تورکیا، لوبنان، ئوردن، عێراق و میسر، هاوکات زیاتر لە 850 هەزار سووری پەنایان بۆ ئەڵمانیا بردووە.