لەو 200 زیندانییەی فەڵەستین کە ئازاد کران 70 یان گەیشتنە میسر

وێنەی پاسی زیندانیانی فەڵەستین
وێنەی پاسی زیندانیانی فەڵەستین

شەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2025، میدیاکانی میسر بڵاویان کردەوە، لەو 200 زیندانییەی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کران، 70 کەسیان دوای ئازادکردنیان گەیشتوونەتە میسر.

کەناڵی هەواڵی قاهیرەی میسری بڵاوی کردەوە، لەو 200 زیندانییەی فەڵەستین کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کراون، 70 کەسیان گەیشتوونەتە میسر، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بووە.

کەناڵەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئازادکراوەکان لە دەروازەی سنووری ڕەفەحەوە گەیشتوونەتە میسر.

هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەو پاسانەی کە زیندانییە ئازادکراوەکانی فەڵەستینییان هەڵگرتبوو، گەیشتوونەتە دەوروبەری ڕامەڵلا.

پێشتر ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردبووەوە، ئەو پاسانەی زیندانییە فەڵەستینیەکانی لە زیندانی 'عوفەر' لە کەرتی ڕۆژئاوا و زیندانی 'کتزیوت' لە نەقەب، هەڵگرتبوو، کەوتوونەتە ڕێ.

شەممە، 25-1-2025، گوتەبێژی فەرمیی لیواکانی قەسام، ئەبو عوبەیدە، لە تێلێگرام ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، لیواکانی قەسام بڕیاریان داوە ئەم ئافرەتە سەربازانە بەناوی  'کارینا ئەرئیف، دانیێل جەلبوع، نەعیمە لیڤی، لیری ئێلباج' ئازاد بکەن."