ترەمپ پلانی چۆڵکردنی کەرتی غەززەی هەیە

کەرتی غەززە
کەرتی غەززە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا پلانی چۆڵکردن و ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززەی هەیە، داواش لە میسر و ئوردن وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەکات دانیشتووانی غەززە بە پەنابەر وەربگرن.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: پێشنیازێکی بۆ پاککردنەوەی کەرتی غەززە هەیە و داوا لە میسر و ئوردن و سەرجەم وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەکات، فەڵەستینییەکانی نیشتەجیێی غەززە بگوازنەوە وڵاتەکانیان، ئەمەش لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

ترەمپ، کەرتی غەززەی بە ناوچەیەکی وێرانکراو ناو برد و گوتی: هەمووان باسی چارەنووسی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس دەکەن، بەڵام ئێمە هەموو ئەو وێرانکارییەی هەیە، پاک دەکەینەوە و ئەگەری هەیە پلانەکە کاتی بێت یان درێژخایەن.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: لە بارەی پێشنیازەکەیەوە قسەی لەگەڵ شا عەبدوڵلا، شای ئوردن کردووە و داوای لێ کردووە بەشێک لە فەڵەستینییەکانی غەززە بە پەنابەر وەربگرێت، چونکە ناوچەکە بە تەواوی وێران بووە. هەر بۆ ئەم مەبەستە، پەیوەندیی بە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە دەکەم.

لە بارەی ئەو ڕەخنانەی لە ئەمەریکا دەگیرێت بەرانبەر بە پشتیوانیی لە ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ گوتی: لە پشتیوانیی ئیسرائیل بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات لە بەرانبەر گرووپەکانی وەک حەماس، حزبوڵلای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن.