عێراق لە پێشەنگی وڵاتە گەندەڵەکانی جیهاندایە

گەندەڵی بووەتە دێوەزمەی هاووڵاتیانی عێراق، ڕۆژانە قسە و باسی خەڵک لە شەقامەکان ئەوەیە: ئەو پارە زۆرەی عێراق بۆ کوێ دەچێت؟ بۆچی خەڵک سادەترین خزمەتگوزاریان نییە.

هاووڵاتیەکی خەڵکی کەربەلا دەڵێت: "گەندەڵی گەورە بەرپرسانی حکوومەت دەیکەن و دەستەی دەستپاکیش هیچ شتێکی بەرامبەریان پێ ناکرێت."

چاودێرێکیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەر قەیرانێک لە عێراق هەیە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی.

گەندەڵی بووەتە دێوەزمە و ڕۆژانە بەدوای هاووڵاتیانی عێراقەوەیە، گەندەڵی عێراق تەنها ژمارە نییە، چونکە بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان عێراق لە پێشەنگی وڵاتە گەندەڵەکانی جیهاندایە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزاری گشتی و نەبوونی ژێرخان لە پارێزگاکان.

لای خۆیەوە هاووڵاتییەک بە کوردستان24 دەڵێت: " گەندەڵی بووەتە بابەتێکی ترسناک، ئەم دیاردەیە لە هەموو دامەزراوەکانی حکوومەتدا هەستی پێ دەکرێت."

هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: "لە 2003 وە ئێمە قوربانی گەندەڵین، ئەوە گەیشتینە ساڵی 2025 هێشتا ئەم دیاردەی هەر ماوە، زۆرینەی ئەو کەسانەی گەندەڵی دەکەن بەرپرسانی حکوومەتن، دەستەی دەستپاکیش نەیتوانیوە بە ڕۆڵی چاودێریی خۆی جێبەجێ بکات."

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام هۆشداریی لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانە دەدات کە عێراق بەهۆی گەندەڵیەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. وڵات بەدەست سپیکردنەوەی پارەوە گرفتارە، پارەی پرۆژەکان دەبرێت و هاووڵاتیانیش ڕۆژانە خزمەتگوزاری تەندروستیی و ڕێگەوبان و پەروەردەییان نییە.

حوسەین ئیبراهیمی، چاودێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەو کەموکورتیانەی لە بوارەکانی پەروەردە، بازرگانی و تەندروستیی هەن سەرجەمیان ڕەگەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی. عێراقی ئەمڕۆ گەورەترین کێشەی گەندەڵییە، حکوومەتەکان نەیانتوانیوە پابەندبن بە شەفافیەتی ڕاستەقینە.