ساڵانە لە وەرزی زستاندا لە گوندی گۆشخانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فێستیڤاڵی کەشکەک بەڕێوە دەچێت

ئامادەکردنی خواردنی کەشکەک
ئامادەکردنی خواردنی کەشکەک

لە گوندی گۆشخانیی سنووری شاری سەوڵاوای نێوان مەریوان و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە لە وەرزی زستاندا فێستیڤاڵێک بۆ خواردنێکی تایبەتی ناوچەکە بە ناوی ''کەشکەک'' بەڕێوە دەچێت. ئەم خواردنە بە گەنم و سەروپێ لێ دەنرێت و دوای نوێژی بەیانی، بەسەر ماڵانی گوندەکەدا دابەش دەکرێت.

فێستیڤاڵی کەشکەک، ساڵانە لە وەرزی زستاندا لە گوندی گۆشخانیی ناوچەی شامیانی سنووری شاری سەوڵاوا لە نێوان شارەکانی مەریوان و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کەشکەک چێشتێکە بە گەنم و سەروپێ لێ دەنرێت و خواردنێکی کۆنی ناوچەکەیە، ئەم بۆنەیە لە کۆنەوە لە ناوچەکەدا هەبووە و چەند ساڵێکە کراوە بە فێستیڤاڵ.

کامەران ئەحەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئیسلامیی گوندی گۆشخانی دەڵێت: کەشکەک خواردنێکی میللیە،  هەموو ئاواییەکە بۆ ئامادەکردنی هاوکاریی یەک دەکەین، ئامانجیش بەیەکەوە بوون و قورئان خوێندن و دەف لێدان و قەسیدە خوێندنەوەیە.

لەم ڕێوڕەسمەدا، دانیشتووانی گوند گەنم و سەروپێ و ئاوردووی پێویست بۆ لێنانی چێشتەکە دابین دەکەن و بە هەرەوەزی لێی دەنێن و دوای نوێژی بەیانی بەسەر خەڵکەکەدا دابەشی دەکەن. بۆ ئەم ڕێوڕەسمە، خەڵکی گوندەکە و گوندەکانی دەوروبەر و دانیشتووانی پێشووی گوندەکە لە شارەکانەوە دەگەڕێنەوە و هەمووان تێیدا بەشدار دەبن.

پەیمان زاکری، هاووڵاتی دەڵێت: ئەو ڕێوڕەسمە هەمووساڵێک لە گۆشخانیی بەڕێوە دەچێت، ئێمەش لەگەڵ خانەوادەکانمان دێین بۆ ڕێوڕەسمەکە. گەورەی ماڵ کە باوکمانە، بەیانی زوو هەڵدەستێت و دەچێت بۆ کەشکەکە و زۆر خۆش دەگوزەرێنین. 

دانا وەیسی، هاووڵاتی ئاماژەی دا، هەموو خەڵک و هاوڕیکانمان دێنە ئێرە، جەوێکی زۆر خۆش و تایبەتە، خەڵکەکە دڵگەرمن بەو ڕێوڕەسمە و پاڵپشتی دەکەن.

ئەم خواردنەش وەکوو نانی جێژنی ڕەمەزان و قوربان بۆ ژەمی بەیانی دەخورێت، خەڵکی ناوچەکە لە بۆنەکانی وەکوو زەماوەند و بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا ئەم چێشتە لێ دەنێن. چەند ساڵێکە بۆ پاراستنی ئەم نەریتە، لە وەرزی زستاندا فێستیڤاڵی کەشکەک ساز دەکرێت.