پاش 40 ساڵ ڕوفاتی 21 سەربازی عێراقی لە ئێرانەوە گەڕێنرایەوە

یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، عێراق و ئێران لە سنووری شەلەمچە لە بەسرە، ڕوفاتی 60 سەربازیان ئاڵوگۆڕ کرد، کە هی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران بوون. 

بەگوێرەی میدیاکانی ناوخۆ، ئەمە 81ـەمین قۆناغی ئاڵوگۆڕکردنی ڕوفاتەکانە لە نێوان عێراق و ئێراندا. ئاماژەیان بەوەش داوە "ئێران 41 ڕوفاتی وەرگرتووەتەوە کە 16یان ناسراوەتەوە و 25 ڕوفاتشیان نەناسراونەتەوە."

لەبەرانبەردا، عێراق ڕوفاتی 21 کەسی وەرگرتەوە، کە تەنیا ڕوفاتی یەک کەس ناسراوەتەوە و 20 ڕوفاتەکەی دیکە، ناسنامەیان نەناسراوەتەوە. ئاڵوگۆڕەکە بە سەرپەرشتی لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە دەروازەی شەلەمچە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای بەسرە کراوە.

لە 22ـی ئەیلوولی 1980 هێزەکانی عێراق و ئێران شەڕێکی هەشت ساڵەیان دەست پێ کرد. شەڕی یەکەمی کەنداو کە بە شەڕی عێراق و ئێران ناسراوە، وەک دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانگوت، یەکێک بووە لە درێژترین و ترسناکترین ململانێی نێوان دەوڵەتان لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە.

ئەنجامی ئەم شەڕە بۆ هەردوو وڵات وێرانکەر بوو. نزیکەی یەک ملیۆن کوژراو و دوو ملیۆن برینداری لێکەوتەوە،  زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون. لانیکەم 157شارۆچکەی ئێران وێران بوون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشت، نزیکەی هەزار و 500 شارۆچکەش لە نەخشەکەدا دیارنەماون. کۆی تێچووی شەڕەکە بە نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار مەزەندە کرا، دواتر لە ساڵی 1988 شەڕەکە ڕاگیرا.