زیاتر لە دوو مانگە ئافرەتێکی ئەمەریکی بە گورچیلەی بەرازەوە دەژیت

چەند ساڵێکە زانایانی بواری پزیشکی، دەستکاری بۆماوەیی بەرازەکان دەکەن بۆ ئەوەی ئەندامەکانیان زیاتر هاوشێوەی ئەندامەکانی مرۆڤ بن، تاوەکوو لە کاتی پێویستییان بە چاندنی ئەندامێک بۆ مرۆڤ، سوود لە ئەندامانی ئەو ئاژەڵە وەربگرن.
تۆوانا لۆنی، ئافرەتێکی تەمەن 53 ساڵی ئەمەریکییە. 62 ڕۆژە گورچیلەیەکی بەرازی بۆ چێنراوە، تەندروستیی جێگیرە و بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەی پزیشکی.
لۆنی، هیوای بۆ سەدان نەخۆشی دیکە گەڕاندووەتەوە کە پێویستییان بە چاندنی گورچیلەی بەراز و ئەندامانی دیکەی جەستەی ئەو ئاژەڵەیە هەیە. وەکوو خۆی دەڵێت: "من ئافرەتێکی زۆر بە توانام و ئەمە سەرەتایەکی نوێیە لە ژیانمدا. پێشتر، کاتێک چەند هەنگاوێک ڕام دەکرد، تووشی تەنگەنەفەسی دەبووم، بەڵام ئێستە زۆر باشترم. بەبێ دوودڵی بە پزیشکەکەم گوت، نەشتەرگەرییەکە بکە"
دامودەزگا تەندروستییەکانی ئەمەریکا، ڕێگە بە پزیشکان دەدەن گورچیلەی بەراز بۆ نەخۆش بچێنن، ئەگەر زۆر پێویستی پێ بوو و چارەی دیکەی نەبوو.
ڕۆبەرت مۆنتگۆمێری، ئەو پزیشکەی سەرپەرشتیی نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەرازی بۆ ئەو ئافرەتە کردووە، گەشبینە لەوەی لۆنی، بە گورچیلەی بەرازەوە لە ژیان بەردەوام بێت، چونکە وەکوو خۆی باسی کرد "گورچیلەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکات و کێشەی نییە." دەشڵێت: "ئەگەر لۆنی لەسەر شەقام ببینیت، نازانیت تاکە کەسە لە جیهاندا کە ئەندامێکی کارای بەرازێک لەناو جەستەیدا هەیە".
ئەو ئافرەتە ئەمەریکییە، لە شاری جادسنی ویلایەتی ئالاباما دەژیت، بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بۆ چاندنی گورچیلەی بەراز و وەرگرتنی چارەی دوای نەشتەرگەریی، چووتە نیویۆرک؛ بۆیە هیوا دەخوازێت دوای تەواوبوونی چارەسەرییەکەی، بتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی.
پێشتر چوار ئەمەریکی، دوو دڵ و دوو ئەژنۆی بەرازیان بۆ چێنرابوو، بەڵام تەمەنیان زۆر درێژ نەبوو و لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، گیانیان سپارد.
ئێستە زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتیی ئەمەریکی پێویستییان بە چاندنی ئەندامانی جەستە هەیە و بەشێکی زۆریان داوای گورچیلە دەکەن. ساڵانە بەشێکی زۆری ئەو نەخۆشانە، لە چاوەڕوانی و لەبەر نەبوونی ئەندامی جەستەی پێویست، دەمرن.