لە سنووری زاخۆ پێشمەرگەیەک بریندار کرا

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پێشمەرگەیە لە کاتی چوونی بۆ سەر ئەرکەکەی بریندار کرا و تاوەکوو ئێستەش نەزانراوە ئایا تەقینەوەکە لەلایەن سوپای تورکیا یان پەکەکەوە کراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24، پێشمەرگەکە، دانیشتووی شاری دهۆکە و لە ڕێگەی گەڕانەوە بووە بۆ ئەرکەکەی لە سنووری شارەدێی باتیفا، بەڵام لە سنووری گوندی "زرێزە" بەهۆی تەقینەوەیەکەوە بریندار بووە و ئێستەش لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ تیمار دەکرێت.
ئەمیر عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: برینی ئەم پێشمەرگەیە سووکە و تەنیا پارچە ساچمەیەک بەر پشتی کەوتووە. بەر لە گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، لە نەخۆشخانەی گشتیی باتیفا چارەی پێویستی بۆ کراوە و پارچەکە دەرهێنراوە."
ئەمیر عەلی گوتیشی: برینەکەی قووڵ نییە و دوای دڵنیابوونەوە و جێگیربوونی دۆخی تەندروستی، پێشمەرگە بریندارەکە ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێت."
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد "تاوەکوو ئێستە بە تەواوی نەزانراوە کامە لایەن هێرشی کردووەتە سەر ئەو پێشمەرگەیە؛ سوپای تورکیا یان چەکدارانی پەکەکە."
ئەمە لە کاتێکدایە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە نزیک گوندی دێمکا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە ناوچەکەدا بەردەوامە، هەروەها دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی هێرشێکی چەکدارانی پەکەکە دوو پێشمەرگەی زێرەڤانی شەهیدکران و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار کرا.