هەفتەی داهاتوو حەماس 8 تەرم دەداتەوە ئیسرائیل

گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل، دەیڤید مینسەر ڕایگەیاند: بڕیارە حەماس لەچوارچێوەی پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان، هەفتەی داهاتوو 8 تەرم وەکو قۆناغی یەکەم لە ڕێککەوتنی ئاگربەست، بداتەوە ئیسرائیل.
دووشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، دەیڤید مینسەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند: خانەوادەی بارمتەکان لە ئازادبوونی ڕۆڵەکانیان ئاگەدارکراونەتەوە کە لە چوارچێوەی ئازادکردنی 26 بارمتەی دیکە لە دەستی حەماس، تەنها 18 لەوان لەژیان ماونەتەوە، هەشتیان گیانیان لەدەستداوە بێ ئەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانیان ئاشکرا بکات.
لە قۆناغی یەکەمدا حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد، لەبەرانبەردا ئیسرائیل 90 دیلی فەڵەستینی ئازاد کرد، 25ـی کانوونی دووەمی 2025یش لە قۆناغی دووەمی ئاڵوگۆڕی گیراوانی فەڵەستینی و بارمتەکانی ئیسرائیلی، چوار بارمتەی ئیسرائیلی بەرامبەر 200 گیراوی فەڵەستینی، ئازاد کران، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە قۆناغی سێیەمی ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، چەند دیلێکی فەڵەستینی ئازادبکرێن لەبەرانبەر ئازادکردنی چەند بارمتەیەکی ئیسرائیلی و گەڕاندنەوەی چەند تەرمێکیش .