ژمارەی قوربانیانی ڕووداوی پاسەکەی عومرەکاران ڕاگەیەنرا

شەوی ڕابردوو، لەنێو خاکی سعوودیە، پاسێکی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بارهەڵگرێکدا پێکیاندا دا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی سپارد و 25 کەسی دیکەش بە سووکی بریندار بوون.
سێشەممە، 28کانوونی دووەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەگوێرەی دوا ئامار کە ئەمڕۆ بەدەستمان گەیشتووە، لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا تەنیا کەسێک گیانی سپاردووە و 25 کەسی دیکە بریندار بوونە، سەرجەمیان برینەکانیان سووکە و ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە دەردەچن.
کاروان ستوونی، گوتی: ئەو کەسەی گیانی سپاردووە دوای تەواوکردنی مامەڵەی پێویست، تەرمەکەی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان و کەس و کارەکەی دەکرێتەوە.
پەیوەست بەم ڕووداوە، شەوی ڕابردوو، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئاینی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: پاسێکی عومرەکارانی کورد کە خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی تیدا بوو، لە عەرعەری سعوودیە و نزیک چێشتخانەی ئەبو شوان، لەگەڵ بارهەڵگرێک بەسەختی پێکیاندا دا و لە ئەنجامدا ئافرەتێک گیانی سپارد و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.