سەعدی پیرە: بەمزووانە پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێ کۆدەبنەوە
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێژنەی تەكنیكی پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە و ڕەشنووسێك ئامادە دەكەن بۆ شێوازی پێكەوەكاردنی هاوبەشی لایەنە سیاسییەكان.
سێشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2025، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسی لە کۆبوونەوە پارتی و یەکێتی و دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کرد.
گوتەبێژی یەکێتی، گوتی: بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەردوو شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆ ئەوەی ڕەشنووسێك ئامادە بکەن بۆ شێوازی پێكەوەكارکردنی هاوبەشی لایەنە سیاسییەكان و هەردوو حزب بە تایبەتی.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئامانجێکی دیکەی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، هەروەها نەهێشتنەوەی هیچ پرسێک بە هەڵواسراوی.