لە عێراق دیوەخانەکان جێگەی دادگاکانیان گرتووەتەوە

سەرباری هەبوونی یاسا و دادگاکان، بەڵام بەشێکی زۆر لەخەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق پەنا بۆ دیوەخان و هۆزەکان دەبەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

هێشتا هۆز و نەریتە عەشائیرییەکان کاریگەریی گەورەیان بەسەر کۆمەڵگەی عێراقیەوە هەیە. بەتایبەتی لەناوچەکانی باشووری وڵات، تا ئێستاش ھاووڵاتییان پەنا بۆ دیوەخانەکان دەبەن، بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان. چونکە پێیانوایە کێشەکانیان لەناو دیوەخانەکان ئاسانتر چارەسەردەکرێن وەک لە دادگاکان.

ئیبراهیم دەهش، سەرۆکی یەکێتی هۆزەکانی عەرەب، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، زۆرینەی ئەو کێشانەی ڕوودەدەن لایەنی عەشائیریان هەیە، هەروەها دیوەخانەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، لە یەکلایکردنەوەی کێشەکان. پەنا نەبردن بۆ یاسا مانای حساب نەکردن بۆ یاسا نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کۆمەڵگەی عێراقیەوە هەیە.

عەلی عەدنان، سەرۆک عەشیرەتی ئال سەهلان گوتی: بەشێکی زۆر لە کێشەکان سادەن و خەڵک نایەوێت دامەزراوەکانی دەوڵەت و دادگاکانی پێوە مەشغوڵ بکات، هەربۆیە پەنا بۆ دیوەخانەکان دەبەن و لەوێ چارەی دەکەن. 

هۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق تا ئێستا خاوەنی کولتوور و نەریتی وەهان کە دژن لەگەڵ یاساکانی دەوڵەت، بەڵام ئەم نەریتانەیان پاراستووە، لەکاتی ڕوودانی هەر کێشەیەکیش هۆزەکان پەنا بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان لەرێگەی عەشائیریەوە دەبەن وەک لە یاسا، لەم بارەیەوە یاساناسان دەڵێن؛ هۆکاری ئەم دیاردەیە بۆ لاوازی حکوومەت دەگەڕێتەوە.

عەلی حوسێن، پسپۆڕی یاسای باسی لەوە کرد، بەداخەوە ئێستاش بەردەوام خەڵک پەنا بۆ دیوەخان و هۆزەکان دەبەن بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لەچارەسەرە عەشائیرییەکان مافی هەندێک دەدەن بەسەر هەندێکی تردا، چونکە هۆزەکان بەرگریی لە ئەندامەکانیان دەکەن.

ڕاپۆرت/ حەیدەر حەنوون- پەیامنێری کوردستان24، لە ناسریە