ئیتاڵیا چەند پارچەیەکی شوێنەواریی ڕادەستی عێراق کردەوە

پارچە شوێنەوارەکانی عێراق لە ئیتاڵیا
پارچە شوێنەوارەکانی عێراق لە ئیتاڵیا

 چوارشەممە،29 کانوونی دووەمی 2025، دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا کۆمەڵێک شوێنەواری دزراوی عێراقیان ڕادەستی باڵیۆزخانەی عێراق لە ڕۆما کردەوە، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوە و هەوڵێکی زۆر هات بۆ وەرگرتنەوەیان لە تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نێودەوڵەتیی.

یەکێک لەو پارچە شوێنەوارانە،  چەند 'قووچکەیەکی قوڕین' بووە کە نووسین و نەخشی بزماریان لەسەرە، سەبارەت بە بیناسازیی پەرستگەکانی سەردەمی شارستانییەتە کۆنەکانی عێراق.

یەکێکی دیکە لە پارچە شوێنەوارییەکان، تابلۆیەکی قوڕینە کە ناوی زیندانیانی لەسەرە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش زایین.

ئەفسەر میشێل مینێتی، فەرماندەی یەکەی پاراستنی شوێنەواری کوڵتووری لە کارابینێری ئیتاڵیا، ڕایگەیاند "پسپۆڕان ڕەسەنایەتی ئەو پارچانەیان سەلماندووە، هەروەها بەشێوەیەکی نایاسایی لە عێراق بردراون." ئاماژەی بەوەش دا، قاچاخچییە نێودەوڵەتییەکان سەرنج دەخەنە سەر بردنی شوێنەواری وڵاتە لاوازەکان.

پارچە شوێنەوارەکانی عێراق لە ئیتاڵیا

چیرۆکی دۆزینەوەی ئەو شوێنەوارانە، لەو کاتەوە دەستی پێ کرد، کە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیتاڵیا بڵاوی کردەوە، ئەو پارچە دێرینانە لە یەکێک لە زیادکردنەکانی شاری میلانۆ دانرابوون بۆ فرۆشتن، دوای لێکۆڵینەوەکان یەکەی پاراستنی شوێنەوارەکان، کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە کەلوپەل و شوێنەواری کۆن، توانی دەست بەسەر پارچەکاندا بگرێت و بازرگانە نایاساییەکان دەستنیشان بکات، کە پەیوەندییان بە تۆڕە قاچاخچییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هاوکارییە کوڵتوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەو پێیەی ئیتاڵیا لە ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی 19 شوێنەواری دزراوی گەڕاندۆتەوە بۆ عێراق.

باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا، مەحموود حوسێن محەممەد، گوتی: هەر پارچەیەک کە سەر بە خاکی ڕافیدەین بێت، بەشێکە لە ناسنامەی گەلەکەمان و شارستانیەتیی مرۆڤایەتی، ئێمە هاوبەشین لەگەڵ ئیتاڵیا بۆ ڕاگرتنی دزینی مێژووەکەمان.

پارچە شوێنەوارەکانی عێراق لە ئیتاڵیا