دادگای کەرخ دان بە یاسایی بوونی گرێبەستە نەوتییەکانی کوردستان دەنێت

دادگای پێداچوونەوەی عێراق دوای چەندین پێداچوونەوە داندەنێت بە یاسایی بوونی گرێبەستەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت.

پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دوای چەندین دانیشتنی دادگا و تانە لێدانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بڕیارەکانی دادگای کەرخ کە دوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دژ بە یاسای نەوت و گازی کوردستان دەرچووبوو، دادگای کەرخ دوای ماوەیەکی زۆر لە وردبینی، لەبەرژەوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی پێشووی  خۆی دا.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ دووبارە تانەی لە بڕیارەکان دا، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی عێراق بڕیاری بە پەسەندکردنی بڕیارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ دایەوە، بەمەش لە ڕووی یاساییەوە یەکلا بووەوە کە گرێبەستەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان کارایە و دروستە.