سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی ئەمەریکا دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی ئەمەریکا دەکات.

لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە "بەهۆی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی پێکدادانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرێک لە نزیک واشنتن دی سی، پرسە و هاوخەمی خۆم ئاڕاستەی گەل و حکوومەتی ئەمەریکا دەکەم".

هەروەها نووسیویەتی" بیر و فیکرم لای قوربانیان و خێزانەکانیانە، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم." 

 
 

بەرە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر بە 60 سەرنشین و چوار کارمەندی ستافی فڕۆکەکە بەر لە نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی ڕۆناڵد ڕیگن، لەگەڵ هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی کە سێ سەربازی تێدا بووە، پێکیاندا داوە.

بەگوتەی بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە ڕایانگەیاند، فڕۆکەکە نەفەرهەڵگرەکە تێکشکاوە و کەوتووەتە ڕووباری بۆتۆماکی نزیک فڕۆکەخانەکە.