سەرۆکی هەرێم پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی خەڵکی ئەمەریکا دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی خەڵکی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت: زۆر خەمبارم بە کارەساتی تراژیدی تێکشکانی فڕۆکەکەی واشنتن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، "زۆر خەمباربووم بە ڕووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی واشنتن، لە دڵەوە سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە دەکەم".
I am deeply saddened by the tragic plane crash in Washington, D.C. My heartfelt condolences go out to the families and loved ones affected by this devastating incident.
— Nechirvan Barzani (@IKRPresident) January 30, 2025
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر بە 60 سەرنشین و چوار کارمەندی ستافی فڕۆکەکە بەر لە نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی ڕۆناڵد ڕیگن، لەگەڵ هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی کە سێ سەربازی تێدا بووە، پێکیاندا دا.
لە بارەی ڕووداوەکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا لە ماتەمینیدایە و هیچ سەرنشینێک لە ڕووداوی پێکدادانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکە ڕزگاری نەبووە، ئەمەش کارەساتبارە.
هاوكات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی ئەمەریکا کرد و گوتی: "بەهۆی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی پێکدادانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرێک لە نزیک واشنتن دی سی، پرسە و هاوخەمی خۆم ئاڕاستەی گەل و حکوومەتی ئەمەریکا دەکەم".