لە نەجەف پیسبوونی ژینگە ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو دانیشتوانی گوندەكان دروست کردووە

بەهۆی دەركەوتنی پەڵەی نەوت لەنێو ڕووباری مەشخابیی پارێزگای نەجەف، ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو دانیشتوانی گوندەكە دروست بووە، خەڵكی ناوچەكە ئاوی ئەو ڕووبارە بۆ كەرتی كشتوكاڵ بەكاردەهێنن، فەرمانگەی ژینگەی ئەو پارێزگایەش دەڵێت: "حاڵەتەكە لە ناوچەیەكی سنووردارە و تیمێكی تایبەتمەند دەستی كردووە بە چارە كردنی حاڵەتەکە و ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی.
لە ڕووداوێكی دەگمەندا، پاشماوەی پەڵەی نەوت لەنێو ڕووباری قەزای مەشخابى سنووری پارێزگای نەجەف دەركەوتووە، دیمەنەكە دەگمەنە و پێشتر نەبیندراوە، هاووڵاتییان ترسی گەورەیان هەیە حاڵەتەكە كاریگەری بۆسەر بەرهەمی كشتوكاڵی و تەندروستیی دانیشتوانی ناوچەكە دروست بكات.
هاووڵاتیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرمان سوڕما كاتێك پاشماوەی پەڵەی نەوت و گاز و ڕۆن لەنێو ڕووباری شارۆچکەی مەشخاب بيندرا، ئەمە كارەساتێكی گەورەی ژینگەییە و دەسەڵاتدارانی ناوچەكە ئەم حاڵەتەیان پشتگوێ خستووە.
هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: "بەرپرسەکانی حکوومەت هەموویان لە شوێنی خۆیان دانیشتوون، ئەوەی باجەكەی دەدات، هاووڵاتییانە، پەڵەی نەوت لەنێو ڕووبارەكە دەركەوتووە، بانگەواز کراوە تاکو بەدواداچوون بۆ پەڵەی نەوتی نێو ڕووبارەكە بكەن، ڕووباری مەشخاب تەنانەت ئاوی قوورس و پاشماوەی خواردنگە و بەنزینخانەكانیشی دەخرێتە نێوی، ئەمە هەڕەشەیە بۆسەر سامانی ماسی و باڵندەگەڕۆكەكان.
جەمال شەلاكە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای نەجەف بۆ کوردستان24 دەڵێت: "تیمێكی تەکنیکی تایبەتمەند گەیشتووەتە شارۆچکەی مەشخاب، دەستی بە لێكۆڵینەوە بۆ دەرخستنی ڕاستی حاڵەتەكە كردووە، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە هۆكاری درووستبوونی پەڵەی نەوت لە ڕووباری مەشخاتمان بۆ ڕوونبووەتەوە، بابەتەكە سنووردارە و تێ دەپەڕێت، بە درێژایی ڕووبارەكە هیچ دزەكردنێكی نەوتی و یاخوود پاشماوەی كانزایی كارگەكانمان بەدی نەكردووە، کە هۆكار بێت بۆ بەردەوام بوونی حاڵەتەكە، داوا لە هاووڵاتییانی شارۆچکەی مەشخاب دەكەین، لەهەر دزەكردنێك ئاگادارمان بكەنەوە."
دانیشتوانی ناوچەكە چاودێری هەنگاوەكانی چارەسەری تیمە تایبەتمەندەكان دەكەن، ئەم دیاردەیە زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكانی پاراستنی ژینگە چڕتر بكرێنەوە و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان زیانیان پێ نەگات و دانیشتوانی ناوچەكە پشتی پێ دەبەستن.