حەماس وێنەی ئەو سێ بارمتەی بڵاوکردەوە کە بڕیارە سبەینێ ئازادیان بکات

گوتەبێژی لیواکانی قەسام، کە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە، ناوی سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئاشکرا کرد، کە بڕیاریانداوە سبەی شەممە لە کەرتی غەززە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە ئازادیان بکەن.

ئەبو عوبەیدە گوتەبێژی سەربازی لیواکانی قەسام لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی تۆفانی ئەقسا بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، بڕیاریانداوە سبەی شەممە، 1ـی شوباتی 2025، سێ بارمتەی ئیسرائیلی بەناوەکانی، "عوفەر کاڵدیرۆن - کیس شمۆنسل سیگال - یاردن بیباس." ئازاد بکات.

لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لیستی ئەو زیندانیانەی کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن بەدەستیان گەیشتووە، ئاماژەی بەوەش داوە، وردەکاری سەبارەت بە ڕێکارەکانی ئاڵوگۆڕکردن دواتر بڵاودەکرێتەوە دوای پشکنینی لیستەکە و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان.

دوێنێ پێنجشەممە، لیواکانی قەسام گرتەی ڤیدیۆیی پڕۆسەی ڕادەستکردنی قۆناغی سێیەمی بارمتەکانی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، کە سێ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرانبەر ئازادکردنی 110 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کران.

وێنەی ئەو سێ بارمتەیەی بڕیارە سبەینێ شەممە ئازاد بکرێن