وەزارەتی دارایی: شاندی هەرێم ئامادەی کاری هاوبەشە لەگەڵ بەغدا بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆران
وەزارەتی دارایی هەرێی کوردستان رایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ ئەرێنی بوو، هەروەها شاندی هەرێم ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران.
هەینی 31ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە شاری بەغداد بە سەرپەرشتی دکتۆر فواد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا، هاوکات تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون.
وەزارەتی دارایی، ئاماژەی بەوە دا، شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەی هەژماری من، بە داتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پرۆژەکە خرایەڕوو ، هاوکات تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی 274 هەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
وەزارەتەکە دەڵێت: بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ مەبەستی چارەکردنی ئەو تێبینییە هونەرییانەی ماوە تا هەردوولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.