21 ساڵ بەسەر تەقینەوەی یەکی شوبات تێ دەپەڕێت

21 ساڵ بەسەر تەقینەوەی یەکی شوباتی شاری هەولێر تێ دەپەڕێت کە بەهۆیەوە  103 کەس شەهید بوون و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بریندار بوون. 

لە یەکی شوباتی ساڵی 2004، لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان، كاتێك خەڵكی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جەژنە پیرۆزە و گەردنئازایی بوون و دڵخۆش بوون بە بەرقراربوونی ئاشتی و ڕێكخستنەوە ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، لەلایەن گرووپێكی تیرۆرستی دوو تەقینەوە خۆكوژی لە بارەگاكانی مەڵبەندی 3ی یەكێتی و لقی 2ی پارتی لە ھەولێر کران، كە بوونە ھۆی شەھیدبوونی 103 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 246 کەسی دیکە، لەناویاندا ژمارەیەك سەركردە و بەرپرسی باڵای حكوومەتیی و حزبی بوون و ژمارەیەك كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئەو دوو تەقینەوەیە لە كاتێكدا بوون، كە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پارتی و یەكێتی چووبووە بواری جێبەجێكردن و خەڵكی ھەرێمی كوردستان بە ئومێدەوە چاوەڕێی قۆناغی داھاتوویان دەكرد، بە گوتەی بەرپرسانی باڵای ھەردوو حزب، یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو كردەوەیە تەگەرە دروستكردن بووە بۆ پرۆسەكە، بەڵام ئەو ئامانجەیان نەھاتەدی و خەڵكی كوردستان و كادیر و ئەندامانی ھەردوو حزب پێكەوە شینیان بۆ شەھیدانی 1ی شوبات گێڕا، ھەوڵەكانیش بۆ كاڵكردنەوەی دوو ئیدارەیی چڕ كرانەوە.