کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لە بەغدا بەردەوامن

وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا، تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ؛ کارەکانیان تەواو بکەن. 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە، 01-02-2025، بۆ ڕۆژی دووەم کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لە بەغدا بەردەوامن.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوەش کردووە "تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کۆبوونەوە بەمەبەستی چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا کارەکان تەواو بکەن."

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ هەینی 31ـی کانوونی دووەمی 2025، لە شاری بەغدا، بە سەرپەرشتیی دکتۆر فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق، کۆبوونەوەیەک هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتیی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوە چوو.