بە ڤیدیۆ.. فرمێسکی سەرۆک وەزیران بۆ شەهیدانی 1ـی شوبات

شەممە، 01-02-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی کارەساتی یەکی شوبات, لە هەولێر چاوی بە منداڵ و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی کارەساتەکە کەوت و هەموو ئامادەیی و پاڵپشتییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆیان دووپات کردەوە.
هەر لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی فرمێسکی بۆ شەهیدانی یەکی شوبات ڕشت و لە پەیامێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، ئاماژەی بەوە کرد "کارەساتی یەکی شوبات، هێرشێک بوو بۆ سەر هەموو کوردستان. ئەمڕۆ، ڕێز لە شەهیدانی ئەو کارەساتە دەگرین و گرنگیی یەکڕیزیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەهامەتی و ستەمدا دووپات دەکەینەوە."
لە 1ی شوباتی 2004 دوو خۆکوژ لە بارەگای لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی 3ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆیان تەقاندەوە.
لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان، كاتێك خەڵكی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جەژنە پیرۆزە و گەردنئازایی بوون و دڵخۆش بوون بە بەرقراربوونی ئاشتی و رێكخستنەوە ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، لەلایەن گرووپێكی تیرۆرستی دوو تەقینەوە خۆكوژی لە بارەگاكانی مەڵبەندی 3ی یەكێتی و لقی 2ی پارتی لە ھەولێر کران، كە بوونە ھۆی شەھیدبوونی 103 كەس، لەناویاندا ژمارەیەك سەركردە و بەرپرسی باڵای حكوومەتیی و حزبی بوون و ژمارەیەك كەسی دیكەش بریندار بوون.