ئیسرائیل دوای نۆ مانگ دەروازەی سنووریی ڕەفەحی کردەوە

دوای ئاڵوگۆرکردنی دیلەکان، هێزەکانی ئیسرائیل دوای نزیکەی ساڵێک دەروازەی سنووریی ڕەفەحی بەڕووی هاووڵاتییانی فەڵەستین کردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی ئیسرائیل و حەماس بە ئاگربەستەکەی 19ـی کانوونی دووەمی 2025.

شەممە 1ـی شوباتی 2025، وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، "دوای نۆ مانگ، بۆ یەکەم جار دەروازەی سنووریی ڕەفەح بە ڕووی نەخۆش و بریندارەکانی غەززە کرایەوە و تا بۆ چارەکردنی تەندروستییان ڕەوانەی میسر بکرێن."

هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 50 نەخۆش  ڕەوانەی میسر کراون.

لای خۆشیانەوە مێدیاییەکانی مسیر بڵاویان کردووتەوە، "ئەمبوڵانسەکانی ڕێکخراوی خاچی سوور چەند منداڵێکی نەخۆش و برینداری پێ بووە و بەمەبەستی چارەکردنیان لە دەروازەی سنووریی ڕەفەحەوە چوونەتە میسر.

هێزەکانی ئیسرائیل لە ئایاری 2024 دوای کۆنترۆڵکردنی ڕەفەح، سنوورەکەیان بە ڕووی هاووڵاتییانی فەڵەستین داخستبوو. 

 کردنەوەی دەروازەی سنووریی ڕەفەح لەکاتێکدایە، کە ئەمڕۆ چوارەم قۆناغی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و دیلەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد و لە بەرانبەردا ئیسرائیل 180 دیلی حەماسی ئازاد کرد.