نووری مالیکی: ئەوەی لە ناوچەکە ڕوو دەدات ئاژاوەیەکی گەورەیە

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە کەربەلا ڕایگەیاند: جیهانی ئەمڕۆ پڕە لە ئاستەنگ و مەترسی گەورە، بەتایبەتی ئەوەی لە ناوچەکە ڕوودەدات، مەبەست لێی ئەوەیە لە عێراقیش ڕووبدات.
شەممە 1ـی شوباتی 2025، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە گوتەکیدا لە کۆڕبەندی دامەزراندنی ئەنجوومەنی هۆزەکانی کەربەلا ڕایگەیاند: ئەوەی لە ناوچەکە ڕوودەدات، ئاژاوەیەکی گەورەیە، ئەگەر بەرامبەری نەوەستینەوە، ئەوە بە تەواوەتی لە ناوچەکە بڵاو دەبێتەوە، لەوەشدا نابێت ڕادەستی ئەو کەسانە بین کە دەیانەوێت ئەزموونی سووریا لە عێراق دووبارە بکەنەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەشڵێت: بە گرتنە بەری ڕێو شوێنی خۆپارێزی دەتوانین خۆمان لەو زریانە بپارێزین کە لوبنان، فەڵەستین و سووریای گرتووەتەوە.
نوری مالیکی گوتی:پێویستە لە پاشماوەکانی داعش و حزبی بەعسی هەڵوەشاوە ئاگەدار بین، چونکە ئەوان دەیانەوێت دووبەرەکی لەنێوان خەڵکی عێراق دروست بکەن، هەرچەند کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت هاتووە.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای دەکات، بە ئامانجی ئازادکردنی تیرۆرستان فشار هەیە، یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری هەڵوەشێنینەوە، بەڵام هاوپەیمانی دەوڵەتی یاس رێگە بەم کارە نادات.
مانگی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای لێبووردنی گشتی دەرکرد کە وا دەکات، هەزاران زیندانی، لەنێوانیشیاندا ئەوانەی هێرشیان کردە سەر سەربازانی ئەمەریکا و ئەوانەشی لە ڕیزی داعشدان، ئازاد بکرێن.