عێراق کەمی ماوە سنوورە کۆنکرێتیەکەی لەگەڵ سووریا تەواو بکات

عێراق نزیک بووەتەوە لە تەواوکردنی دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنوور لەگەڵ سووریا و تۆکمەکردنی بەڕووی قاچاخچییەتی و دزەکردنی چەکداراندا کە لەسەردەمی شەڕی داعشەوە دەستیپێکردووە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدیش، عێراق هەوڵەکانی بۆ تەواوکردنی دیوارەکە چڕتر کردووەتەوە.
گوتەبێژی سەربازیی عێراق ڕایگەیاند: کارکردن لە دیوارە کۆنکرێتیەکە بەدرێژایی سنوور بەردەوامە، تا ئێستاش 400 کیلۆمەتر لەو دیوارە تەواوکراوە.
دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی لە سنوورەکان لەگەڵ سووریا بۆ ڕێگرییکردن لە هەڕەشەی تیرۆر و چەکدارانی داعش، سەربازیی زیاتریشی لەسەر سنوورەکان بڵاوەپێکردووە.
لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە، پرۆژەی دیواری کۆنکرێتی عێراق و سووریا لە قۆناغی کۆتاییدایە و سەدا 90ـی پرۆژەکە تەواو بووە.
لەبەر پاراستنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا، تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی سەربازیی عێراق ئاشکرای کرد، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە سنووری سووریا تۆکمە کراون، لەگەڵ ئەوەشدا کارکردن لە دیواری کۆنکرێتی بەردەوامە کە درێژییەکەی 615 کیلۆمەترە، لەو ژمارەیەش 400 کیلۆمەتری پرۆژەکە تەواو بووە تەنها 215 کیلمۆتری ماوە بۆ تەواوبوونی یەکجارەکی.
عەبدولڵا ڕوکابی، توێژەری سیاسی دەڵێت: پاراستنی سنوورەکان لەگەڵ سووریا لە ساڵی 2014ـەوە کاری تێدا دەکرێت، بەڵام دوای پێشهاتەکانی سووریا، زیاتر گرنگیی دروستکردنی دیوارەکە دەرکەوتووە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سیناریۆی ساڵی 2014 دووبارە نەبێتەوە کە ئەو کاتە داعش چەند شارێکی عێراقی کۆنتڕۆڵکرد، داخستنی ئەو سنوورەش پەیوەستە بە پرسە سیاسی و ئەمنییەکانەوە بەستراوەتەوە، بۆیە پێناچێت بەمنزیکانە دەروازە سنوورییەکان بەڕووی هاتوچۆ و گەشتیاریدا بکرێنەوە.