پزیشکیان: ئومێدەوارم پێشکەوتنەکان بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە
ئێران مووشەکێکی نوێی بالیستی نمایش دەکات

وەزارەتی بەرگریی ئێران پەردەی لەسەر مووشەکێکی نوێی بالیستی بە ناوی "ئیعتماد" لادا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەڵێت: پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان، بۆ ئەوەیە هیچ کەسێک بوێری سنووربەزاندنی وڵاتەکەمانی نەبێت.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ، یەکشەممە 2ی شوباتی 2025، وەزارەتی بەرگریی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆجیای بۆشایی ئاسمان، مووشەکی بالیستی "ئیعتماد"ی وەک نوێترین مووشەکی هێرشبەر نمایش کرد، کە توانای هەیە لە دووری هەزار و 700 کیلۆمەتر ئامانجی خۆی بپێکێت.
لە میانی بەشداربوون لە ڕێوەڕەسمەکە، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: پەرەپێدانی توانای بەرگری و سیستەمی ئاسمانی، بۆ جەنگ و هێرشکردنی سەر هیچ شوێنێک نییە، بەڵکو بۆ بەرگریی لە وڵاتە، بۆ ئەوەی هیچ وڵاتێک بوێری ئەوەی نەبێت بیر لە بەزاندنی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران بکاتەوە.
پزیشکیان گوتیشی: ئومێد دەخوازم ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنەی لە بواری بەرگریی وڵاتەکەمان هاتووەتە دی، کەرتەکانی دیکە وەک کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، هونەری و بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی بەرگریی ئێران لەسەر مووشەکی بالیستیی ئیعتماد بڵاوی کردووەتەوە، درێژیی مووشەکە 16 مەترە و تیرەکەی یەک مەتر و 25 سانتیمەترە، هۆشمەندیی مووشەکەکە لەوەدایە تاوەکوو پێکاندنی مەبەست دەتوانرێت کۆنترۆڵی ئاراستەکەی بکرێت.