کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێ کرد
کۆبوونەوەی هەردوو شاندی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا دەستی پێ کرد.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-02-2025، سێیەم کۆبوونەوەی هەردوو شاندی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا؛ لەبارەی پرسی مووچە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هەمواری بودجەی گشتیی فیدراڵی، دەستی پێ کرد.
ماوەی سێ ڕۆژە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی، کار بۆ چارەکردنی کێشەکانی بەردەم مووچە، شایستە داراییەکانی هەرێم و تێپەڕاندنی هەمواری بودجە دەکەن.
دوێنێ شەممە، 01-02-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە، کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا ئەرێنی بوون. هاوکات وەزارەتی دارایی عێراقیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ ئامادەی هەموو کۆبوونەوەکان بووە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و باسیان لە چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان کردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پێویستیی بەستنی کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی کردووەتەوە بۆ وردبینی و دڵنیابوون لە لیستەکان، تێچووی ساڵانە، مانگانە و جێبەجێکردنی گۆڕانی پێویست بە زووترین کات.