داهاتی کتێبەکانی سەرۆک بارزانی دەبەخشرێتە منداڵانی بێباوک

بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی، داهاتی هەردوو کتێبی (بۆ مێژوو) و (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) دەبەخشرێتە منداڵانی بێباوک.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا هەردوو کتێبی سەرۆک مەسعود بارزانی (بۆ مێژوو) و (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) لە کتێبخانەکانی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستن و کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، داهاتی ئەو دوو کتێبەیە، لە ڕێوڕەسمێکدا دەبەخشرێتە منداڵانی بێباوک لە هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی.
ئەو دوو کتێبەیەی سەرۆک بارزانی بۆ سەر زمانەکانی عەرەبی، ئینگیلیزی، فەرەنسی، فارسی، تورکی و چەندان زمانی دیکەش وەڕگێڕراوە.
سەرۆک بارزانی لەو دوو کتێبەیدا، بە وردی باسی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ڕوودوەکانی دوای ساڵی 2003، نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق، هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە عێراقی نوێدا، ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و چەندان بابەتی دیکەی کردووە.
جگە لە نووسراو و گێڕانەوەکانی سەرۆک بارزانی، لەنێو ئەو دوو کتێبەدا چەندان وێنە و بەڵگەنامە هەن کە چالاکی و کردار و بڕیارەکانی سەرۆک بارزانی نیشان دەدەن.