کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد

کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق (ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق (ئەرشیف)

کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-02-2025، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 176 ئەندام دەستی پێ کرد. 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگ بە چەند پرۆژەیاسا و هەمواری چەند یاسایەکیش دەدرێت؛ گرنگترینیان هەمواری بودجەی گشتیی فیدراڵی و  ماددەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە.

 31ـی مانگی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەش ڕێککەوتن لەسەر تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە وەک ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتووە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق له‌م باره‌وه‌ بە کوردستان24ـی گوت: سەرۆک وەزیران، داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کردووە دەنگ لەسەر ئەو هەموارە بدەن کە ئێستا لە پەرلەمانە و تەنیا دەنگدانی ماوە تاوەکوو دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەری بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا لێکگەشتنێکی گشتی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە دووبارە دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.