ناوەرۆکی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، بڕیار درا بە هەموارکردنەوەی ماددەی (12/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی سێ قۆڵی ژمارە (13ـی ساڵی 2023).

یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.

وردەکاری هەموارەکە ئەم بڕگانە لەخۆ دەگرێت:

1- وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەڵێن دەدات حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت کە لەلایەن کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ەوە وەردەگیرێت، یان وەزارەتی فیدراڵی لە… نەوت بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکیی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی  بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی ڕاوێژکاریە  دیاری دەکات.

2- ئەو ڕاوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێ کراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت و حیسابکردنی قەرەبووی پێشوو دەبێت لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)، لەم بڕگەیە، و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکوومەتی هەرێم.

3- دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە و، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە بە تێکڕای (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە  دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبونی كاری راوێژكاری تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باس كراوە.