مەسرور بارزانی: پێشوازیی لە دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر هەمواری یاسای بودجە دەکەین

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پێشوازیی لە دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکات و دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکات هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە.

یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت:پێشوازیی لە دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەین. دەشڵێت: دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەین هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە. 

سەرۆک وەزیران نووسیوویەتی: سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت: هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.