ئەحمەد شەرع: سعوودییە ڕۆڵێکی گرنگی لە بووژانهوهی سووریا دەبێت

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودییە کۆبووەوە و دەڵێت: سوپاسی سعوودییە دەکەم و وڵاتەکە ویستێکی جیددی بۆ بنیادنانەوەی ئاییندەی سووریا هەیە.
یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، سەردانی سعوودییەی کرد و لەلایەن محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی وڵاتەکە پێشوازیی لێ کرا.
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هاتنەسەر دەسەڵات و دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع، ئەمە یەکەم سەردانە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی ئەنجام بدات و یەکەم وێستگەش سعوودییە بووە.
ئاژانی هەواڵی سووریا بڵاوی کردەوە، پلانی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا، ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و پایتەختەکانی دیکەی وڵاتانی عەرەبی و هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکانی سەر سووریا، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و شازادەی جێنشینی سعوودیە و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە بووە.
هاوکات سعوودیە ئامادەباشی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە بووژانەوەی سووریا دەربڕی.
سەردانەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بۆ وڵاتان و بە دیاریکراوی بۆ وڵاتانی کەنداو بەردەوامە و چاویان لەوەیە وڵاتانی کەنداو لە بووژانەوەی وڵاتەکەیان بەشداربن، پێشتریش ئەحمەد شەرع ڕایگەیاندبوو، سعوودییە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت و دەرفەتی گرنگ بۆ وەبەرهێنان هەیە.
هەروەها فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە مانگی ڕابردوو لەمیانی سەردانەکەیدا گوتی، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بەردەوامە و پەیامی ئەرێنی بەدی کراوە.