مەزڵووم عەبدی: سووریایەکمان دەوێت مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت

مەزڵووم عەبدی: کێشەمان نییە هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس دەڵێت: ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد هەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی بوو، چونکە خواستی گەلی سووریا بوو.

دەشڵێت: ئومێدەوارین سووریایەکی نوێ بنیاد بنرێتەوە، نەوەک هەمان ئەزموونی ڕژێمی بەعس دووبارە بکرێتەوە.

دەربارەی دانانی ئەحمەد شەرع، بە سەرۆکی نوێی سووریا، عەبدی دەڵێت: ئێمە لە پرۆسەی دانانی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەر بەشدار نەبووین، هەربۆیە هیچ قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە ناکەین.

سەبارەت بە دانووستانەکانی نێوانیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: دیدارەکان بەردەوام دەبن، لە نێوانماندا نێوەندگیر هەن، نزیکبوونەوەشمان لەگەڵ حکوومەتی شام لەسەر ئەنجام و دەستکەوتی دانووستاندنەکان دەبێت.

سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی دەڵێت: ئێمە کێشەیەکمان نییە لەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە بەشێک لە سیستمی بەرگریی سووریا و دەبینە بەشێک لە پێکهاتەی وەزارەتی بەرگری، بەڵام ئەمەش دانووستانی پێویستە ڕەنگە لە کاتێکی وەها زوودا نەکرێت.

لە بارەی سووریای نوێ، عەبدی دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت سووریایەکی دیموکراسی و مەدەنی بێت بۆ ئەوەی مافی هەموو پێکهایەکانی سووریا پارێزراو بێت، نەک دەسەڵاتێکی مەرکەزی، بەڵکو بەشێک لە دەسەڵاتەکان لە دەستی پارێزگاکاندا بێت، ئەمەش تێڕوانینی ئێمەیە بۆ سووریا بە گشتی.

هەروەها ڕەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە هەبێت، دەڵێت: ئێمە بەشێک نین لە پەکەکە و هیچ پەیوەندییەکمان بە ڕێکخستنەکانی پەکەکە و ئەو شەڕەی نێوان پەکەکە و تورکیاوە هەیە، نییە،  بەڵام ئەمە کراوەتە پاساوێک بۆ ئەوەی هێرشی سەر ناوچەکانی ئێمە بکرێت.