فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەولێر: تا ئەو کاتەی پێویست بێت هاوکاریی پێشمەرگە دەکەین

کۆڵۆنێڵ ڕیتەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەولێر
کۆڵۆنێڵ ڕیتەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەولێر

فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەولێر دووپاتی کردەوە، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازی، تاوەکوو لە کاتی کشانەوەی هاوپەیمانان، بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن. 

دووشەممە، 03-02-2025، کۆڵۆنێڵ ڕیتەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هاوڕێ و هاوپەیمانین، هەر بۆیە هەماهەنگیی ورد و نزیک لەنێوانماندا هەیە."

فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە لە پرۆسەی چاکسازیی هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین. بۆ ئەوەی کاتێک هاوپەیمانان دەکشێنەوە بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و بەهێزبن؛ ئەمەش کاتی پێویستە و ئێمە تەواو نەبووین، بەڵام بەردەوامین لە کارەکانمان."

فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لـە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە "هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین تا ئەو کاتەی بیانەوێت و پێویستییان پێ بێت."