زانیاریی نوێ لەسەر هەوڵی هێزێکی عێراقی بۆ دۆزینەوەی زێڕ لە سنووری کەرکووک
دوای تێکدانی زەویی جووتیاران و شکاندنی چەندان گۆزەی مێژوویی، هێزەکەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی گوندی شەناغەیان لە سنووری کەرکووک، بەجێ هێشت.
دووشەممە، 03-02-2025، محەممەد ئیسماعیل، موختاری گوندی شەناغە، لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی کەرکووک بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە تیمێکی ئێرانی بە یاوەریی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لە سنووری گوندەکەیان زەوی جووتیاران و کەرەستە کشتوکاڵییەکانیان تێک داوە و بە دوای زێڕدا دەگەڕێن.
موختاری گوندی شەناغە ئاماژەی بەوەش کرد "هێزەکەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی مۆڵەتیان وەرنەگرتووە و پرسیشیان پێ نەکردووین، ئەمڕۆ بە قووڵایی زیاتر لە شەش مەتر چاڵێکیان لەنێو زەوی جووتیارێکی گوندەکەماندا هەڵکەند، دوایی ڕۆیشتن."
محەممەد ئیسماعیل باسی لەوەش کرد "سەرەتا هێزەکە گوتی، هەندێک چەک و تەقەمەنی سەردەمی داعش لێرە بەجێ ماوە، هاتووین بیبەینەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا داعش نەهاتووەتە ناوچەکەمان؛ دواتر زانیمان بۆ دۆزینەوە زێڕ هاتوون. نەخشەیەکی سەردەمی مەغۆلەکانیشیان پێبوو، بڕوایان وایە بە گوێرەی نەخشەکە، زێڕێکی زۆر دەکەوێتە سنووری گوندەکەمان."
موختاری گوندەکە ئەوەشی خستە ڕوو "دوای ڕۆیشتنی، هێزەکەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، چەندان گوزەی شکاویان لە دوای خۆیان بەجێ هێشتووە، وادیارە ئەوەی لەناویاندا بووە، بردوویانە." گوتیشی: "لەسەر ئەم پرسە بەڕێوەبەری ناحییەی سەرگەڕان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەمان ئاگادار کردووەتەوە."