پەرلەمانتارێک: ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لە بەغدا زۆر باش بووە

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 03-02-2025، کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا، تەواو دەبن. 

دووبەردانی، ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ هەردوو تیم سەردانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بکەن بۆ ئەوەی ئیمزا لەسەر ئەو ڕاسپاردانە بکرێت کە  لەسەری ڕێککەوتوون. 

بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئەنجامی کۆبوونەوەکان زۆر باش بوون و هەردوو تیم لەسەر زۆرینەی پرسەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەموو مەرج و تێبینییەکانی شاندی وەزارەتی دارایی عێراقی چارە کردووە. 

وەکوو ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسی کرد، مووچەی مانگەکانی داهاتووی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەو لیستەی مووچە دەبێت کە شاندی هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون و جەخت لەوە کراوەتەوە کە نابێت چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بکەوێت. 

ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی، کار بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن. 

دوێنێ یەکشەممە، 02-02-2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لە بەغدا، گوتی: "لەو یەک دوو ڕۆژەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت."

هەورامانی باسی لەوەش کرد:"هەماهەنگییەکی زۆر باش لە نێوان هەردوولا هەیە و نییەتی چارەکردنی کێشەکانیش هەیە. گفتوگۆکانی نێوانیشیان بە تەنیا بۆ زامنکردنی مووچەی مانگێک نییە، بەڵکوو بۆ مووچەکانی هەر 12 مانگەکەی ئەم ساڵە."