وەزارەتی پێشمەرگە: هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامن

دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا هاتووە، وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان کۆ بوونەوە و باسیان لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەر یەک لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، کۆڵۆنێل براندستێتەر، بەرپرسی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێل گاڤین ڕایس، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، بەشداریی کۆبونەوەکەیان کردووە."

لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە دراوە "لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرمان بۆ دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد لە چوارچێوەی دوو ناوچەی سەرکردایەتیدا، کە ئەمەش دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ئامانجی بنیاتنانی سوپایەکی کوردستانیی بەهێز."