مەسرور بارزانی و شاندی سەڵتەنەی عومان جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

مەسرور بارزانی و شاندی سەڵتەنەی عومان گرنگیی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی عومان لە کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا تاوتوێ دەکەن.

دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،پێشوازی لە شاندێکی سەڵتەنەی عومان بە سەرۆکایەتی قەیس بن محەمەد ئەلیوسف وه‌زیری بازرگانی و پیشەسازی و برەودان بە وەبەرهێنانی سەڵتەنەی عومان کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سەڵتەنەی عومان، لە بوارە جۆراجۆرەکاندا، بە تایبەتی بازرگانی، پیشەسازی و وەبەرهێناندا کرا.
سەرۆکی شاندی عومان ، خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دەربڕی. لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی عومان لە هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا کرا .

سەرۆکی حکوومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەڵتەنەی عومان دووپات کردەوە.