ئەمەریکا داوای سزادانی هێرشکەرانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات

ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات هێرشەکەرەکان سزا بدات. 

سێشەممە، 04-02-2025، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەغدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاو کردەوە. 

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات بکەرانی هێرشەکە سزا بدات. 

کاتژمێر 07:05ـی ئێوارەی یەکشەممە، 02-02-2025، بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر.

دواتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی کردەوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی بە کێڵگەی غازی کۆرمۆر و کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی نەگەیاندووە و بەرهەمهێنانی غازیش ئاساییە.