مووچەی مانگی یەک خەرج کرا

وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد. 

سێشەممە، 04-02-2025، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕی زیاتر لە 958 ملیار و 12 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران؛ خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان. 

دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، دوای 15 ڕۆژ لە  کاری بەردەوامی شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.

   وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیی لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەونە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچە و خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.