گوتەبێژی حکوومەت: لە زووترین کاتدا مووچە دابەش دەکرێت
سێشەممە، 04-02-2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بە یەک گوژمەی بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
وەکوو ئەوەی لە پۆستەکەی هەورامانیدا ئاماژەی پێ دراوە، لە زووترین کاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران دەکات.
دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، دوای 15 ڕۆژ لە کاری بەردەوامی شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیی لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەونە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچە و خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.