مووچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی
مووچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە، 04-02-2025، بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی یەک (کانونی دووەم)ـی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تیمەکانی وەزارەتی دارایی سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی پارەکەن و لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
دوێنێ دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، دوای 15 ڕۆژ لە کاری بەردەوامی شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیی لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەونە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچە و خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.