کۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی دەستی پێ کرد

 پێنجەمین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەكێتی، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم؛ لە هەولێر دەستی پێ کرد. 

سێشەممە، 04-02-2025، نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، پێنجەمین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد. 

پێش کۆبوونەوەکە، ڕێواز فایەق، ئەندامی شاندی  یەکێتی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێک کەوتووین زۆر زیاترن لەو خاڵانەی لەسەری ڕێک نەکەوتووین، بەڵام جیاوازیی بیرووبۆچوونمان هەیە، هەروەها جیاوازیمان لەسەر ئەو میکانیزمانە هەیە کە دەمانەوێت پرۆسەکەی پێ بەڕێوە ببەین، بۆیە ئومێد دەکەین ئەوەی ئەمڕۆ نەمانتوانی لەسەری ڕێککەوین، لیژنەی باڵای دانووستانەکان بتوانێت لەسەری ڕێک بکەوێت."

لەلایەکی دیکەوە سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەکانی ئەمرۆی شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی دواهەمین کۆبونەوە دەبێت."

ئەمە پێنجەمین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، دوایین کۆبوونەوەش ڕۆژی سێشەممە، 21-01-2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کرا. 

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.