کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات و ڕەشنووسێک بۆ لیژنەی باڵا ئامادە کراوە

پێنجەمین کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆتایی هات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی نەورەس عەبدوڵلا پەیامنێری کوردستان24 لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ڕەشنووسێکی نۆ تەوەری ئامادە کراوە، کە 15 خاڵ لە خۆ دەگرێت و دەخرێتە بەردەم لیژنەی باڵای دانووستانی پارتی و یەکێتی.
گرنگترینی تەوەرەکان لایەنی سیاسی، پەرلەمان، دارایی ، پەیوەندییەکان، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، پێشمەرگە ، وزە، دەسەڵاتی دادوەری دەگرێتەوە، کە دەبێتە بنەمایەک بۆ کارنامەی چوار ساڵی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خۆ دەگرێت.
لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە، هەر خاڵێکی ناکۆک مابێتەوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای دانووستانکاری پارتی و یەکێتی بەجێ دەهێڵرێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.
بەر لە دەست پێکردنی کۆبوونەوەکە، ڕێواز فایەق، ئەندامی شاندی تەکنیکیی یەکێتی ڕاگەیاند، تاوەکوو ئێستا لە چوار کۆبوونەوەی ڕابردوودا خاڵە هاوبەشەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی زۆرتر بوون لە خاڵە ناکۆکەکان.
گوتیشی: هەرچەندە جیاوازیی بیرووبۆچوونمان هەیە، هەربۆیە ئومێد دەکەین ئەوەی لە کۆبوونەوەی پێنجەم نەمانتوانی لەسەری ڕێککەوین، لیژنەی باڵای دانووستانەکان بتوانێت لەسەری ڕێک بکەوێت.