قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد

بزووتنەوەی حەماس دەستپێکی قۆناغی دووەمی دانووستانەکانی بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە لە نێوان لایەنە فەلەستینییەکان و ئیسرائیل ڕاگەیاند.
سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، عەبدولـلەتیف ئەلقانوع لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکان و دانوستانەکان بۆ قۆناغی دووەم دەستیپێکردووە، ئێمەش پەیوەستین و گرنگی بە قۆناغی ئێستا دەدەین لە حەوانەوە و فریاگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بۆ گەلی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە
سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئەم هەفتەیە شاندێکی ئیسرائیل سەردانی قەتەر دەکات بۆ دانووستان لەگەڵ حەماس و وڵاتانی نێوەندگیر، لە بارەی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەی غەززە.
لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، بەنێوەندگیریی ئەمەریکا، قەتەر و میسر، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس چووە واری جێبەجێکردن، کە بریتیبوو لە ئاڵوگۆکردنی بارمتە و زیندانییەکان و گەڕانەوی ئاوارەکانی غەززە بۆ باکووری کەرتەکە.