هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی یەک دابەشدەکرێت

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت: هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی یەک لە ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی شوبات دابەش دەکرێت.

سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025 هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى کانوونی دووەمی 2025 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکه كانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان(ژمێریاری سەربازی)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025،  هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی کانوونی دووەم دابەشدەکرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، لەلایەن هاوپەیمانانەوە جەختکراوەتە سەر ئەوەی هاوکاریان بەردەوام دەبێت.

وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، لەم مانگەدا سەرووی 40 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی خاڵەکانی نامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیماناندا دەڕوات.