ستیڤ ویتکۆف: زۆر بێ مانایە ئەگەر بڵێن بە پێنج ساڵی دیکە خەڵکی غەززە دەتوانن بگەڕێنەوە

نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: پێشبینیەکی بێ مانایە ئەگەر وا مەزەندە بکرێت دوای پێنج ساڵی دیکە غەززە شیاو دەبێت بۆ ژیانی دانیشتووانی دوای ئەو جەنگە وێرانکارەی ئیسرائیل و حەماس کەلەسەر خاکەکەی کرا.
سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەبەردەم کۆشکی سپیدا بەر لە گەیشتنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو بۆ دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، گوتی: هیچ دادپەروەری نییە بڵێین فەڵەستینییەکان لەماوەی پێنج ساڵدا دەتوانن بگەڕێنەوە غەززە، ئەوە پێشبینییەکی بێ مانایە.
لە وەڵامی پرسیاری، پێشنیازی ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی کەرتی غەززە، ویتکۆف گوتی: کە سەرۆک باس لە پاککردنەوە دەکات، ئەوە باسی ئەو کاتە دەکات کە شیاو دەبێت بۆ ژیان کردن.
لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، بەنێوەندگیریی ئەمەریکا، قەتەر و میسر، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس چووە واری جێبەجێکردن، کە بریتیبوو لە ئاڵوگۆکردنی بارمتە و زیندانییەکان و گەڕانەوی ئاوارەکانی غەززە بۆ باکووری کەرتەکە.