سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی پێشانگەی تەندروستیی مێدیکۆی لە هەولێر کردەوە

بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 بۆ یەکەمین جارە پێشانگەی تەندروستیی مێدیکۆ بە دروشمی "داهاتووی تەندروستیی ببینە" لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.
چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتی تەندروستی لە هەولێر کرایەوە.
زیاتر لە 150 کۆمپانیای نێودەوڵەتی و ناوخۆی تێیدا بەشدارن. پێشانگاکە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت کە نوێترین داھێنان و دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکانی تێیدا نمایش دەکرێت. لە پێشانگاکە زیاتر لە 1000 ھەلی کار دەڕەخسێندرێت و بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت.
دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، د. ئەنەس هاوار، ڕێکخەری پێشانگەی تەندروستیی مێدیکۆ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مێدیکۆ یەکەمین و گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستییە لە عێراق و کوردستان کە بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.
ئەو دکتۆرە گوتی: "پێشانگەکە، بە دروشمی "داهاتووی تەندروستیی ببینە"، پێشانگەیەکی تەواو ئایندەییە سەرنج دەخەینە سەر بابەتە تەندروستییەکان، بۆ نموونە ڕۆڵی ڕۆبۆت لەبواری تەندروستیی و نەشتەرگەریی، هەروەها پێشانگەکە لە ڕێککەوتی 5ـی شوبات تاکو 8ـی شوباتی 2025، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، بەڕێوە دەچێت."
د. ئەنەس هاوار، ئاماژەی بەوەش دا "بۆ یەکەمین جار لە عێراق و کوردستان ڕۆبۆت لەو پێشانگەیە دەخرێتە ڕوو، کە ئەو ڕۆبۆتە دەتوانێت بتناسێت و گفتوگۆت لەگەڵ بکات، "AI"یەکی زۆر پێشکەوتووی تێدایە، هەروەها دەتوانێت وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت بداتەوە، یاخود نیشانەکانی نەخۆشییەکەت پێ دەڵێت و جۆری نەخۆشییەکەت دەستنیشان دەکات. زۆر بایەخ بە ژیریی دەستکرد دەدەین، بۆ ئەوەی نەخۆشێک لێرە چارەی نەخۆشییەکەی بکات نەک سەردانی ولاتێکی تر بکات."